? » » كامه‌ران عومه‌ر: له‌خۆشه‌ویستیدا دۆڕام

هەواڵ »

پشوو

Untitled 1 https://www.facebook.com/nheniyakan?ref=hl

توڵباری سایتی نوسەر دابەزێنە

درامای کەرکوک چوار

كامه‌ران عومه‌ر: له‌خۆشه‌ویستیدا دۆڕام


  هونه‌رمه‌ند كامه‌ران عومه‌ر رایگه‌یاند كه‌ سه‌رنه‌كه‌وتنی‌ له‌بواری‌ خۆشه‌ویستیدا هانیداوه‌ تا به‌رده‌وام بێت له‌كاری‌ هونه‌ریدا‌و جه‌ختیشی‌ له‌زیاتربونی‌ عاشقانی‌ ده‌نگی‌ كرده‌وه‌‌و به‌ڕاشكاوانه‌ش ده‌ڵێت “له‌خۆشه‌ویستیدا دۆڕام”.
كامه‌ران عومه‌ر له‌ساڵانی‌ شه‌سته‌كان له‌ناوچه‌ی‌ چوارتا له‌دایكبووه‌‌و دواتر هاتون بۆ شاری‌ سلێمانی‌‌و نیشته‌جێبون‌و هه‌تا شه‌شی‌ سه‌ره‌تایی خوێندووه‌‌و هه‌ر له‌قوتابخانه‌شدا خولیای‌ هونه‌ر‌و موزیك بووه‌.
له‌بنه‌ماڵه‌ی‌ ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌دا، چه‌ند برایه‌كی‌ دیكه‌شی‌ له‌بواری‌ هونه‌ردا كار ده‌كه‌ن ئه‌وانیش (سامان‌و نه‌ریمان‌و سۆران)، به‌ڵام وه‌ك كامه‌ران ده‌ڵێت “دامه‌زرێنه‌ری‌ حیزبه‌كه‌ی‌ ماڵی‌ خۆمان، من بووم”.
كامه‌ران عومه‌ر له‌ساڵانی‌ هه‌شتاكانی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردوه‌وه‌ له‌بواری‌ هونه‌ری‌ گۆرانی‌ وتندا كارده‌كات‌و به‌تایبه‌تیش له‌ساڵانی‌ (1984‌و 1985) له‌بواری‌ گۆرانی‌ وتندا ده‌ركه‌وتوه‌‌و له‌و كاته‌شدا به‌گۆرانی‌ (كه‌ی‌ وا نه‌بووم) لای‌ جه‌ماوه‌ر ناسرا، به‌ڵام هه‌ر له‌و ساڵانه‌دا ده‌ركه‌وتنی‌ ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ زیاتر له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی‌ گرت كه‌ له‌گه‌ڵ‌ هونه‌رمه‌ندی‌ به‌ناوبانگی‌ عێراقی‌‌و عه‌ره‌بی‌ (كازم ساهیر)دا بۆ ماوه‌ی‌ چه‌ند رۆژێك پێكه‌وه‌ له‌شاری‌ سلێمانی‌ ئاهه‌نگیان گێڕا، له‌و باره‌یه‌وه‌ كامه‌ران وتی‌ “له‌و كاته‌دا كازم ساهیر به‌شاره‌كاندا ده‌گه‌ڕا‌و ئاهه‌نگی‌ ساز ده‌كرد، بۆیه‌ كه‌ هات بۆ سلێمانی‌ به‌دوای‌ هونه‌رمه‌ندێكدا ده‌گه‌ڕا كه‌ ئاستی‌ چونه‌ سه‌ر ته‌خته‌ی‌ شانۆی‌ هه‌بێت بۆ گۆرانی‌ وتن، له‌سلێمانیش ناوبانگی‌ منیان بۆ باسكردبوو ئیتر هات دانیشتین‌و قسه‌مان كرد‌و بۆ ماوه‌ی‌ چه‌ند رۆژێك گۆرانیمان وت”، وه‌ك كامه‌ران باسیكرد له‌و كاته‌دا ناوبانگی‌ كازمی‌ بیستبوو، به‌ڵام هاوڕێیه‌تیان نه‌بووه‌، سه‌باره‌ت به‌و كاره‌ هاوبه‌شه‌شیان وتی‌ “زۆرم پێباشبوو، چونكه‌ كه‌م كه‌س هه‌یه‌ بتوانێت ئیش له‌گه‌ڵ‌ كازمدا بكات”.
زۆرجار له‌ناو خه‌ڵكدا ده‌وترێت كه‌ هه‌رچه‌نده‌ له‌و كاته‌دا ئه‌م دوو هونه‌رمه‌نده‌ پێكه‌وه‌ گۆرانییان وتوه‌، به‌ڵام ئێستا كازم بوه‌ته‌ سه‌فیری‌ گۆرانی‌ عه‌ره‌بی‌‌و له‌به‌رامبه‌ریشدا كامه‌ران عومه‌ر تاڕاده‌یه‌ك له‌جێی‌ خۆیدایه‌، له‌مباره‌یه‌شه‌وه‌ وتی‌ “كازم ئاڵای‌ هه‌یه‌‌و ده‌وڵه‌ته‌ هه‌رچییه‌كی‌ بوێت ئاماده‌یه‌، به‌ڵام من ته‌نها خۆم كاره‌كان ده‌كه‌م ده‌بێت هاوڵاتیانی‌ خۆشه‌ویست ئه‌و جیاوازییانه‌ له‌به‌رچاو بگرن”.
كامه‌ران له‌دوای‌ راپه‌ڕینیشه‌وه‌ به‌گۆرانییه‌كانی‌ (نه‌كه‌ی‌ سه‌فه‌ر بكه‌یت‌و بێزارم لێت)‌و چه‌ندین گۆرانی‌ دیكه‌ به‌رده‌وامی‌ دایه‌وه‌ به‌هونه‌ری‌ گۆرانی‌ وتن‌و ئه‌و گۆرانییانه‌شی‌ ده‌نگدانه‌وه‌ی‌ گه‌وره‌یان به‌كامه‌ران به‌خشی‌، له‌و روه‌وه‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی‌ به‌ڕۆحیه‌تێكی‌ باش‌و له‌ناخی‌ دڵه‌وه‌ وتویه‌تی‌‌و وتی‌ “ئه‌و گۆرانییانه‌ی‌ له‌ماوه‌ی‌ هه‌ژده‌ بۆ بیست ساڵی‌ رابردوو وتومه‌، ئێستاش باوی‌ هاتوه‌ته‌وه‌، چونكه‌ نه‌مرن‌و ئه‌وانه‌ ناسنامه‌ی‌ منن”.
كامه‌ران له‌م دیمانه‌یه‌دا به‌ڕاشكاوانه‌ هۆكاری‌ سه‌ركه‌وتنی‌ ئه‌و گۆرانییانه‌ی‌ ئاشكرا كرد‌و وتی‌ “خۆشه‌ویستی بۆ ره‌گه‌زی‌ به‌رامبه‌ریش كاریگه‌ری‌ هه‌بوو، من له‌عه‌شقدا دۆڕام‌و پێشمخۆشبوو سه‌رنه‌كه‌وتم، چونكه‌ له‌سه‌رنه‌كه‌وتنی‌ ئه‌و عه‌شقه‌دا توانیم له‌هونه‌ردا سه‌ربكه‌وم”.
له‌باره‌ی‌ سه‌رنه‌كه‌وتنی‌ ئه‌و عه‌شقه‌ی‌ زیاتر دوا‌و وتی‌ “له‌ساڵانی‌ 1996‌و 1997 له‌و عه‌شقه‌دا سه‌رنه‌كه‌وتم، ئیتر له‌دوای‌ ئه‌وه‌وه‌ به‌حه‌ماسه‌ته‌وه‌ گۆرانیم وت، ته‌نانه‌ت هه‌ندێك هاوڕێشم پێم ده‌ڵێن كه‌ باشبوو له‌و عه‌شقه‌دا سه‌رنه‌كه‌وتیت، ئه‌گینا ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ت لێده‌رنه‌ده‌چو، خۆشم ته‌ئكیدم له‌و قسه‌یه‌”.
كامه‌ران عومه‌ر له‌سه‌ره‌تای‌ هاتنه‌ بواری‌ هونه‌ریی‌ تائێستا نزیكه‌ی‌ 900 بۆ 1000 گۆرانی‌ هه‌یه‌‌و هه‌ندێك گۆرانی‌ بڵاونه‌كراوه‌شی‌ هه‌یه‌، به‌ڵام له‌به‌ر هه‌ندێك كه‌موكورتی‌ بڵاویان ناكاته‌وه‌، له‌ئێستاشدا ئه‌لبومێكی‌ نوێی‌ ئاماده‌یه‌ به‌ناوی‌ (چه‌پكێك له‌مه‌قامه‌كانی‌ كامه‌ران عومه‌ر) كه‌ هه‌شت مه‌قامی‌ له‌خۆگرتووه‌‌و له‌لایه‌ن سه‌نته‌ری‌ ئارۆوه‌ بڵاوده‌كرێته‌وه‌، به‌ڵام له‌م ئه‌لبومه‌دا گۆڕانكاری‌ له‌به‌رهه‌مه‌كاندا كردووه‌‌و وتی‌ “كه‌مێك له‌خۆشه‌ویستی‌ لاچووم‌و باسی‌ گۆڕانكاری‌ رۆژگار‌و كێشه‌كانی‌ خه‌ڵكم كردووه‌، با گۆرانی هه‌ر بۆ عه‌شق نه‌بێت”.
كامه‌ران هه‌وڵیداوه‌ به‌شدار بێت له‌دانانی‌ ئاواز‌و نوسینی‌ هۆنراوه‌ بۆ گۆرانییه‌كانی‌، بۆیه‌ پێش چونه‌ نێو ژیانی‌ هاوسه‌رگیری‌، ئاوازی‌ باشی‌ بۆ خۆی‌ داناوه‌، به‌ڵام بۆ نوسینی‌ هۆنراوه‌كان حه‌زیكردوه‌ ته‌نها ناونیشانی‌ هۆنراوه‌كان به‌شاعیره‌كه‌ بڵێت.
زۆربه‌ی‌ هۆنراوه‌ی‌ گۆرانییه‌كانی‌ ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ له‌لایه‌ن (ته‌های‌ حاجی‌ مه‌حمود)ه‌وه‌ ده‌نوسرێن‌و هۆكاره‌كه‌شی‌ وه‌ك كامه‌ران رونیكرده‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ نزیكیی‌ بۆچونه‌كانیان، به‌ڵام ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ هۆنراوه‌ی‌ له‌شاعیری‌ دیكه‌ش وه‌رگرتوه‌ كه‌ به‌دڵی‌ بوون.
ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ ئاشكرایكرد كه‌ په‌له‌ ناكات له‌بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌لبومی‌ نوێ‌، به‌ڵكو ده‌یه‌وێت كارێك بكات خه‌ڵك گوێی‌ لێبگرن، سه‌باره‌ت به‌وه‌ش كه‌ ئایا ترسی‌ له‌وه‌ نییه‌ به‌هاتنی‌ گۆرانیبێژی‌ نوێ‌، ئه‌وان وه‌كو جاران گوێگریان نه‌مێنێت، وتی‌ “هیچ ترسم نییه‌، چونكه‌ هه‌رچه‌نده‌ گۆرانیبێژیش زۆر بن، به‌ڵام خه‌ڵك ده‌زانێت چ گۆرانییه‌كی‌ به‌دڵه‌‌و ئێستاش خه‌ڵك حه‌زیان له‌گۆرانییه‌كانمه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر 10 ساڵی‌ تر گۆرانی‌ نه‌ڵێم، به‌گۆرانییه‌ك خه‌ڵكه‌كه‌ گوێم لێده‌گرنه‌وه‌”، هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه‌‌و سه‌باره‌ت به‌وه‌ی‌ كه‌ هه‌ست ناكات له‌دره‌نگ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ به‌رهه‌مه‌كانی‌، گوێگری‌ كه‌م بێته‌وه‌، وتی‌ “هۆگرانی‌ ده‌نگم زیاترن نه‌ك كه‌متر ببنه‌وه‌، چونكه‌ خه‌زێنه‌یه‌كم هه‌یه‌ گوێگرم بمێنێت، ئه‌وه‌ش به‌رهه‌می‌ ساڵانی‌ رابردوه‌وه‌ كه‌ به‌رۆحیه‌تێكی‌ پاكه‌وه‌ وتومه‌‌و شه‌وی‌ وا هه‌بووه‌ هه‌تا چواری‌ به‌یانی‌ خه‌ریكی‌ كاری‌ هونه‌ریی‌ بوم‌و هه‌ندێجار فرمێسك به‌چاومدا هاتوه‌ته‌ خواره‌وه‌”، بۆیه‌ جه‌ختیكرده‌وه‌ كه‌ به‌هۆی‌ داواكاری‌ گوێگره‌كانیه‌وه‌ ناتوانێت به‌یه‌كجاری‌ واز له‌گۆرانی‌ وتن بێنێت، به‌ڵكو هه‌تا توانای‌ مابێت گۆرانی‌ ده‌ڵێت.
له‌م مـــاوه‌یه‌ی‌ رابردودا گۆرانی‌ (چیت لێم ده‌وێ‌)ی‌ كامه‌ران كلیپ كرایه‌وه‌، له‌مباره‌یه‌وه‌ باسی‌ له‌وه‌كرد كه‌ كه‌ناڵه‌كان ده‌یانه‌وێت گۆرانییه‌ كۆنه‌كانی‌ بۆ تازه‌ بكه‌نه‌وه‌ ئه‌وانیش (چیت لێم ده‌وێ‌، دوێنێ‌ بیستم، بێزارم لێت).
كامه‌ران عومه‌ر ئاشكرایكرد كه‌ له‌ئێستادا جگه‌ له‌كاری‌ هونه‌ری‌، كاری‌ دیكه‌ی‌ نییه‌‌و وتی‌ “كه‌وتومه‌ته‌ روباری‌ هونه‌ره‌وه‌، له‌زۆر كاتیشدا ئه‌م كاره‌ بێزارم ده‌كات، چونكه‌ به‌ڕاستی‌ وه‌كو  پێویست خزمه‌تم نه‌كراوه‌‌و یه‌ك مه‌تر زه‌ویم وه‌رنه‌گرتووه‌‌و ناشمه‌وێت”.
ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ ساڵی‌ 2000 چوه‌ته‌ ژیانی‌ هاوسه‌رییه‌وه‌‌و كوڕ‌و كچێكیشی‌ هه‌یه‌ به‌ناوه‌كانی‌ (یاران‌و محه‌مه‌د).

فۆتۆ: ره‌وه‌ند جه‌واد
ئا: ئاوێنه‌كان

جاری بینراو :724

کۆمێنت

Powered by Facebook Comments

یەک سەرنجلەسەر “كامه‌ران عومه‌ر: له‌خۆشه‌ویستیدا دۆڕام”

یەک سەرنج

  1. موزه‌فه‌ر خۆشناو فەرمووی:

    هه‌ربژی كاك كامه‌ران من سوپاستان ئه‌كه‌م گه‌ر ژماره‌ی موبایله‌كه‌م پی بده‌ن

بەشداری بکە بە بڕوای خۆت

Facebook

Get the Facebook Likebox Slider Pro for WordPress